15:52 | 2009/8/13
| ئارام جوامێری
من قسە لەسەر خۆم بكەم، دەتوانم بڵێم من كەسێك هەڵدەبژێرم كە ڕەوشت و چاكییەكەی لە لایەك و جوانیشی لە لایەكی دیكەوە، گرنگیی تایبەتیی خۆی هەبێت، لەبەر ئەوەی ئەگەر بتەوێت داهاتوویەكی باش دەستەبەر بكەیت، ناكرێت هیچ كامێك لەم لایەنانەی ئافرەت لە یاد بكرێن”.
(كازیوە سەڵاح )ـی تەمەن (21) ساڵ لە زانكۆی سلێمانی، لە بارەی دەستنیشانكردنی هاوسەری ژیانییەوە، بە خەندەیەكەوە گوتی: “حەز دەكەم ئەو كوڕەی دەبێتە هاوسەرم، جێگەی ڕاز و نهێنییەكانم بێت و لە زانكۆیش بێت، كوڕێكی تا بڵێی دڵساف و هێمن و لەسەرخۆ بێت و ئەوەیشم لا گرنگ نییە سەروەت و سامانێكی زۆری هەبێت، لەبەر ئەوەی زۆرجار سەروەت و سامان وای كردووە ساردی و جیابوونەوە لەنێوان دوو هاوسەردا ڕوو بدات”.
(ڕێناس عەبدولكەریم) كچێكی خوێندكارە و سەبارەت هەڵبژاردنی ژیانی هاوسەرییەوە دەڵێت: “زۆربەی كوڕان و كچان، هیوایان وایە كە ماڵ و حاڵێكی خۆش و ژیانێكی بەختەوەریان هەبێت، بەشبەحاڵی خۆم، كەسێكم دەوێت كە زۆر هێمن و لەسەرخۆ بێت و گوێ لە بیروبۆچوونەكانم بگرێت، كەمێك جوانیشی تێدا بەدی بكرێت، لەبەر ئەوەی ئەگەر بڵێم جوانیم بەلاوە گرنگ نییە، ڕەنگە بچێتە چوارچێوەی دووركەوتنەوە لە ڕاستییەوە، چونكە جوانی، خۆی لەخۆیدا بەشێكە لە دروستبوونی خۆشەویستی و پێكهێنانی ژیانی هاوسەری، بەڵام ئەوەی بۆ ژیانی هاوسەری بە لامەوە گرنگ نییە، پارەیە و ڕێكوپێكییەكەی لەسەرووی هەموو شتێكەوەیە.
دواجار (ڕێناس) بە پێكەنینەوە گوتی: “حەزیش دەكەم ئەو كوڕەی دەبێتە هاوسەرم، باڵای بەرز و چاو ڕەش و پرچ لوول بێت”.
(شیلان عە لی )ـی ڕۆژنامەنووس، پێی وایە:
“بۆ ئەوەی ژیانێكی پڕ لە بەختەوەری و بێ كێشە و گیروگرفت ببەیتە سەر، پێویستە ئەو كەسەی كە بۆ هاوسەری ژیان هەڵی دەبژێریت، لەنێوانیاندا لێكچوون هەبێت، مەرج نییە وەكیەك بن، بەڵام ئەو پڕۆسەیە وا دەخوازێت كە ڕێزی بیروڕای یەكتری بگرن و گوێ بۆ خۆشی و ناخۆشییەكان و پێشنیاز و بۆچوونەكانی یەكتر بگرن و لە خۆشی و ناخۆشییەكانی ژیاندا هاوبەش و هاوخەم بن، ئازار و مەینەتییەكانی ژیان لەسەر یەكتر سووك بكەن، كە ئەمەیش بە هاوكاریی یەكتر و ئارامگرتن دەبێت، بەڵام هەندێ جار بیركردنەوەی هەڵە وا لە كچان و كوڕان دەكات، كە كچان تەنیا بیر لە دەوڵەمەندی و ئۆتۆمبێل و كۆشكی بەرز و كوڕی جوان بكەنەوە، لە بەرانبەریشدا
كوڕانیش بە هەمان شێوە، كچی جوان، باڵا بەرزیان دەوێت، كە بە داخەوە ئەمە هەرگیز نابێتە پێوانە بۆ هاوسەرگیرییەكی تۆكمە و درێژخایەن، لەبەر ئەوەی مەرج نییە هیچ كامێك لەو تایبەتمەندییانە تاسەر بمێنێتەوە. لە لایەكی دیكەوە هەندێ لە كوڕان و كچان بە هەڵە لە پڕۆسەی هاوسەرگیری تێ دەگەن، كچان وا دەزانن تەنیا پۆشینی جلی بووكێنییە و كوڕانیش وا دەزانن تەنیا تێركردنی حەزەكانیانە، لە كاتێكدا پڕۆسەكە زۆر گەورەتر لەوەیە كە بەشێك لە كوڕان و كچان بەم شێوەیە بیری لێ دەكەنەوە، لەبەر ئەوەی ژیانی هاوسەری، ژیانێكی پڕ بایەخە و زۆریش پیرۆزە و پێویستە گەنجانمان بە هەڵە لێی تێ نەگەن”.
(ئاریا زاهیر) كوڕێكی گەنجە و ئەویش هەر لە زانكۆی سلێمانی خوێندكارە، ئەو گوتی: “بێگومان هەر لە سەرەتای دروستبوونی مرۆڤەوە، لەو كاتەوە كە مرۆڤ پێی ناوەتە ناو ئەم جیهانەوە، هەر یەك لە كوڕان و كچان پێش ئەوەی كەسێك وەك خۆشەویست بۆ خۆیان هەڵبژێرن، چەند تایبەتمەندییەك بۆ كەسی بەرانبەر دەستنیشان دەكەن، كە هەریەك لەو تایبەتمەندیانەیش، لە ڕوانگەی بیروبۆچوون و ئەو كەشوهەوایەی تێیدا پەروەردە بووە، سەرچاوە دەگرێت، كەسێكی ئایینی، بێگومان بە شوێن كەسێكی ئایینیدا دەگەڕێت. من خۆم كە بە درێژایی تەمەنم لە ئێران ژیاوم، لەوانەیە كاریگەریی فەرهەنگ و كولتووری ئەوێم لەسەر مابێت، بۆ نموونە كاتێك لەناو بازاڕدا كچێك بە جلوبەرگی ئێرانییەوە دەبینم، پێی دڵخۆش دەبم . هەروەك پێشتر ئاماژەیشم پێدا، هەموو كەسێك لە خەیاڵی خۆیدا كەسێكی خەیاڵی بۆخۆی دەستنیشان كردووە، بەڵام زۆر جار ڕاستییەكان شتی دیكە دەڵێن، لەوانەیە هەریەك لە ئێمە لە دەوروبەری خۆماندا ئەوەمان بەدی كردبێت كە كوڕێك بە كچێكی گوتبێت، كە كچێكی یاخود كوڕێكی بەم تایبەتمەندییانەم دەوێت، بەڵام دواتر كە زەماوەندیان كردووە، بۆی دەر دەكەوێت كە هیچ لەو تایبەتمەندییانەی كە ئاواتی بۆ دەخواست، لەو كەسەدا نییە”.